نامهەوێ بە قسەی زرقە و برقەدار ڕۆڵ و گرینگایەتی بەشی کشتوکاڵ لە داڕشتنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتدا وەکوو بەشێکی بنەڕەتی و پڕبایەخ و هەروەها شان و شکۆی پیشەیی کەشاوەرزان و جوتیاران وەکوو بەرهەمهێنەرانی خۆراک و قووتی خەڵک بخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە چون بەرپرسانی بەڕێزمان لە بواری خوێندەوارییەوە لە ئێمەی کەشاوەرز لەم سۆنگەوە زیاتر دەزانن و لە درێژە پڕۆسەی خوێندندا لەم بابەتەوە بەچڕی خوێندوویانە …
جا هەر لێرە دەچمە سەر داخوازییە زەرووریی و هەنووکەییەکەمان :
سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران هەڵگیراوەتەوە و لە حەوتووی یەکەمی ئەم مانگەوە لە لایەن ناوەندەکانی شیرکەتی تەعاونی ڕوستایی شارستانی سەقز لە جوتیاران وەرگیراون بەڵام بەداخەوە تادانی پووڵی گەنم بە جووتیاران هیچ خەبەرێک نییە و بەرپرسانی پێوەندیداریش بۆ چارەسەری ئەم گرفتە خۆیان لێ نەبان کردووە و هێشتا وڵامێکی ڕاست و دروستیان بە گەنمکاران نەداوەتوە (کورد وتەنی هەر گەنم گەنمیانە) ئەمە لە حاڵێکدایە لە سەرەتای هاویندا لە پێش پڕوسەی دروێنە بەمەبەستی هاندانی جوتیاران بۆ فرۆشتنی گەنم بە دەوڵەت بە کەڕات لە لێدوانی بەرپرسانی ڕەدەباڵای وڵات و ئوستانیشەوە دەبیسترا کە پوولی گەنمی کڕیاریی لە کەشاوەرزان بەزووترین کات و لە ٤۸ سەعاتدا دەخرێتە حەسابیانەوە .
ئێستاش وێڕای ئەوەی جوتیاران بۆ بژێوی ژیان و دابینکردنی پێداویستیەکانی وەکوو کوود بنەتوو و مزەی کۆمباین و خەرجی ڕاگواستن و بارکردن (کرایە حمل) و … تەنیا هیوایان بەو بڕە داهاتە کەموکوڕەیە کە لەم وشکەساڵەدا وەدەسکەوتووە ، تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گەنم لە بازاڕی ئازادا گەلێ زیاتر لە نرخە دەوڵەتییەکەی بەرزبووەتەوە و ئەگەر وا پێش بچێت جوتیاران بۆ دەسخستنی بنەتووی ساڵی داهاتووش تووشی کێشە دەبن چونکا کەمتر کەسێک بەشی بنەتووی هێشتووەتەوە و تێکڕای بەرهەمی ئەمساڵیان فرۆشتووە .
تکایە بۆ ئەوەی جووتیاران لەوە زیاتر تووشی زەرەر و زیانی درەنگ کەوتنی پێدانی زەحمەت و دەسڕەنجی یەکساڵیان نەبن ، جێگای خۆیەتی بەرپرسانی دڵسۆز ئاوەڕێکی جیددی و بەکەرەم لە دۆخی ئەم چینە زەحمەتکێش و بەرهەمهێنە بدەنەوە !
لەگەڵ ڕێزم :
زاهید بابامیری کەشاوەرزی گوندی یازیبڵاخی و ئەندامی ئەنجومەنی سینفی کەشاوەرزی سەقز
🆔 @sakapressir